ئاراسی پڕ لهژیانو خۆشه‌ویستی له ئاگرییه‌وه له‌دایكبووه، به‌ڵام ئاراسی چاوگه‌ی ژیان‌و خۆشه‌ویستی زۆر كات خه‌مناك كراوه. چاره‌نووس ئه‌وه‌ی به‌سه‌ردا بڕیوه‌و ریگای پێنه‌داوه به‌سه‌ربه‌ستی لرفه‌ی لێوه بێت، بۆیه هه‌موو خۆشه‌ویستییه‌كانی له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگرتوه، تاكو ناحه‌زان هه‌ست بهكزیی نه‌كه‌ن. لهگزنگی به‌یانیدا ئاگریی دایك، پرشنگی خۆری بینی كه به ئاراسی وت ئیدی خه‌مبار مه‌به، پرشنگی خۆر زه‌رده خه‌نه‌ت بۆ دهكاتو بانگی كچه‌كانت دهكاتو باری قورسی ئه‌و هه‌مو خهمو نهێنییه‌ت له‌سه‌ر شان هه‌ڵده‌گرن. ئاراس دڵخۆش بوو، به‌س هه‌ندێكیش نیگهرانو له به‌رخۆیه‌وه پرسیی گه‌لۆ ده‌توانم كچه‌كه‌م كه 25 ساڵه له‌باوه‌شی خۆمدا گه‌وره‌م كردووه‌و دهیلاوێنهوه وه‌ك په‌یامبه‌ری رووناكی به‌ره‌و پرشنگی خۆری بنێرم.
نیگه‌رانم، چونكا سه‌دان ساڵه دڵم لێوانلێوه له ژیان‌و نهێنیه‌كانی رۆڵهكانمو ئه‌وه‌ش بارێكی قورسه‌و دڵم ئازار ده‌دات. ده‌مه‌وێت هاوار بكه‌م تاكو پرشنگی خۆر به‌هانامه‌وه بێت‌و له‌و باره قورسه رزگارم بكات. ئاراس ئاوڕێكی له‌ئاگری سه‌ركه‌ش دایه‌وه‌و وتی "دایه گیان ژیان له‌قوڵایی دڵمایهو ژیان‌و خۆشه‌ویستی ناو دڵیشم نیگه‌رانه". ئاگری سه‌ركه‌ش به‌ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد ئاراس له‌چی نیگه‌رانی هه‌ناوت پڕه له خۆشهویستیو نهێنیی رۆڵه‌كانی ئه‌م خاكه، لێوانلێوه له بۆن‌و ره‌نگه‌كانی ژیان، كه سه‌رچاوه‌ی وره‌و مانه‌وه‌و خۆڕاگرییه. سه‌ر بڵند بكه‌و وره له سهربڵندییهكانی دایك‌و چاوگهكهت وه‌رگره.
كچی ئاراس هاواری ئاگریی دایكی بیست، هێدی هێدی هه‌ستاو له‌هه‌ناوی خۆشه‌ویستیی ئاراسه‌وه هاته ده‌ره‌وه، وتی له‌مێژه چاوه‌ڕوانی هاوارێكم، سه‌ربڵندم كه رۆڵه‌ی ئاگری‌و ئاراسم، خۆشهویستیو پهیامو نهێنیهكانتان ده‌به‌م بۆ پرشنگی خۆر، تاكو باره قورسه‌كه‌ی سه‌رشانتان كه‌م بكه‌مه‌وه‌و هه‌زاران نهێنینتان ببم بۆ شه‌یدایانی خۆشهویستیو ئازادی، ئاماده‌م ئه‌م ئه‌ركه له‌ئه‌ستۆ بگرم‌و ده‌نگی كپكراوی سه‌دان ساڵه‌تان بگه‌یه‌نمه كاروانی خۆر.
كچی ئاراس ماڵئاوایی له ئاراسی پڕ له خۆشهویستیو ئاگریی كانگای ئه‌فسانه‌و خۆڕاگریی كرد‌و رێگای پرشنگی خۆری گرته‌به‌ر، ئه‌وه‌نده رێگای بڕی تاكو گه‌یشته بازنه‌كانی پرشنگی خۆر، زۆر دڵخۆش بوو، به‌س جار نه‌جاریش بیری سۆز و خۆشه‌ویستیی له‌بن نه‌هاتووی ئاراسو ئاگریی ده‌كرد، ئاخر ئه‌و كچی ئاراس بوو له چاوگی ئاگری تێراو بوو بوو، هه‌زاران چیرۆكی خۆشه‌ویستیی ئاگری‌و ئاراسی ده‌زانی، چونكا ئاراس چاوگی سۆز و خۆشه‌ویستیی لهئاگرییهوه وه‌رگرتبوو، خۆی كردبووه لانكی هه‌موو سهركهشكان، هه‌مویانی تێراو ده‌كرد، هه‌مویانی داڵده ده‌داو راز و نهێنییه‌كانی به‌یه‌ك ده‌گه‌یاندن. بووبووه ژوانگه‌ی رێبوارانی رێگای گه‌یشتن به خۆر.
كچی ئاراس په‌یمانی به‌خۆی دابوو كه په‌یامی خۆشهویستیو ئازادی‌و نهێنیه‌كانی ئاراسو ئاگری بگه‌یه‌نێته كاروانی خۆر، ئه‌و كانگایه بووبووه هه‌وێنی دڵ‌و جه‌سته‌ی كچی ئاراسو چه‌ند ساڵێك بوو پشكوتبوو. كچی ئاراس له لای پرشنگی خۆر ده‌ستیكرد به گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كانی ئاراسو ئاگری، باسی ژیان‌و خۆشهویستیو نهێنییه‌كانی ئاگری سه‌ركه‌ش‌و داڵدهدانهكانی ئاراسی بۆ ده‌كردن، باسی خۆڕاگری‌و سۆز و هه‌ستی ره‌نگاڵه‌یی ئاراسی ده‌كرد، به پرشنگی خۆری وت "من هه‌ڵگری په‌یامه‌كانی خۆشهویستیو سۆزی ئاراسم بۆ ئێوه". پرشنگی خۆر له‌كچی ئاراسی پرسی: په‌یامبه‌ری ئازادی‌و خۆشه‌ویستی ناوت چییه، كچی ئاراس وتی "ناوم وه‌ك سه‌ركه‌شه‌كانی دیكه شیرینه‌و له‌ناو شه‌یدایانی ئازادی‌دا به رووناهی روكه‌ن ناسراوم". پرشنگی خۆر به كچی ئاراسی وت "وه‌ك هه‌موو سه‌ركه‌شه‌كانی دیكه‌ی ئاراسو ئاگرییت، ده‌زانم چه‌ند لێبوردوانه فهداكاریت كردووه تاكو له‌نزیكه‌وه هه‌ست به رووناكیی خۆر و گه‌رمای پرشنگی خۆر بكه‌یت، ده‌زانم سهركهشیهكهت به ئه‌ندازه‌ی ئاگری بڵنده‌و به ئه‌ندازه‌ی ئاراس دور و درێژ، ئه‌وه‌ی رووناكیی خۆری بینی بێت‌و گه‌یشتبێته پرشنگی خۆر قه‌ت ئۆقره ناگرێت، بۆیه به قه‌ده‌ر گه‌وره‌یی خۆر و به ئه‌ندازه‌ی روناكیی پرشنگه‌كانی خۆر و به ئه‌ندازه‌ی خه‌نده‌ی رێبوارنی كارواونی خۆر پێت ده‌ڵێم به‌خێر بێیت".
كچی ئاراس به‌نیگای پڕ لهئومێدو بزه‌ی خۆشه‌ویستییه‌وه وتی "گه‌رمای رووناكیی خۆر جه‌سته‌و هه‌ناومی گه‌شاندووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌وێت په‌یامی سه‌ركه‌شی، ئازادی‌و خۆشه‌ویستیی ئاراس، ئاگری‌و كاروانی خۆر بده‌م به‌گوێی هه‌موو شاخ‌و شار و گوند‌و رێبوراێكدا". كچه شیرینه‌كه‌ی ئاراسو په‌یامبه‌ر خه‌نده لهرووهكهی ئاگری‌و رووناكیی پرشنگی خۆر رووی كرده شاهۆ. شیرینه شه‌یدا له‌سه‌ر و سه‌ركه‌شه‌كه‌ی ئاراس له دوندی شاهۆ په‌یامی ئازادی‌و ئاسۆی ژیانی ئازاد‌و به‌خته‌وه‌رانه‌ی گه‌یانده كرماشان، سنه، مه‌ریوان، هه‌ورامان، ره‌وانسه‌ر، جوانرۆ، پاوه‌و كامیاران....
شیرین له‌په‌یامه‌كه‌یدا باسی ئه‌وه‌یكرد كه ئاگری زۆر به‌تامه‌زرۆییه‌وه باسی شاهۆی بۆ ئاراس كردووه‌و چه‌ندین جار حه‌یرانی بۆ شاهۆ چڕیوه‌و زۆر جار رۆڵه شه‌یدا سه‌ركه‌شه‌كانی به‌لای لایه‌ی شاهۆ حهواندوهتهوه، ئاگری هه‌میشه وتویه‌تی له‌مێژه لهشاهۆوه كۆتری ئاشتی‌و ئازادیم بۆ نه‌هاتووه، زۆر بیری رۆڵه‌كانی شاهۆ و بنارهكهی ده‌كه‌م، ئارهزمه جارێكی دیكه‌ش رۆڵه‌كانی شاهۆ بێنه سه‌ر لوتكه ئاگری‌و لهئاگرییهوه بانگی ئازادی به‌گوێی هه‌موو جیهاندا بده‌ن، خۆ ئه‌گه‌ریش بتوانم چه‌ند ته‌وقێكی دیكه‌ی گه‌ردنم بپسێنم ئه‌وا باشترین رۆڵه‌ی بنارهكهی خۆم ده‌نێرم بۆ شاهۆ، بۆ لای كۆسه‌ی ههجیجو پیر شالیار. شیرینی روو له‌خه‌نده‌ی ئاراس وتی "شاهۆ، قه‌ڵای جوامێران ئه‌وه من رۆڵه‌ی بناری ئاگری‌و پێده‌شته پڕ لهخۆشهویستییهكانی ئاگریمو سۆز و ئه‌وینی له‌بن نه‌هاتووی ئاراسم بۆ هێناون". شاهۆ له‌تریقه‌ی شاگهشكهدا بوو، وه‌ك بڵێیت خه‌ونی ساڵه‌های ساڵی هاتبێته دی، به كچی ئاراسی وت "منیش وه‌ك ئاگری له‌مێژه سیاچه‌مانه‌ی ئازادی‌و زه‌رده‌شت دهچڕمو لاوكی خۆشه‌ویستی بۆ ئاگری‌و رۆڵه سهركێشو ده‌سته‌مۆ نه‌كراوه‌كانی ده‌ڵێم، بۆیه به‌خێر بێیت بۆ لانكی زه‌رده‌شت‌و خواوه‌نده‌كانی ئازادی".
كچی ئاراس بزه‌ی سه‌ر لێوی كه‌م نه‌ده‌بوو، ئاسۆی ئومێدی بۆ ئازادیی وڵاته‌كه‌ی هیچ سنوورێكی نه‌ده‌ناسی. پاش ماوه‌یه‌ك له‌سه‌ر لوتكه‌ی شاهۆ باسی ئه‌وه‌ی بۆ هه‌ڤاڵه سه‌ركێشه‌كانی كرد، كه من له‌وه زیاتر ئۆقره ناگرمو ناتوام چاوه‌ڕوان بم لمۆزی دیكتاتۆری هه‌ناسه له‌به‌ر وڵاته‌كه‌م بستێنێت. ئه‌مه‌وێت په‌یامی ئازادیمان بگه‌ینمه ئه‌و شوێنه‌ی كه گوێی له‌ئاست ئازادی‌دا كه‌ڕ بووه‌و چاوی به ئاسووده‌یمان هه‌ڵنایه‌ت. هاوڕێكانم هه‌ر رێگایه‌كی ئه‌م شاهۆوه پۆنگ خواردوه‌ی ئازادی به یه‌كێكتان دهسپێرمو ئه‌ڕۆم هاواری ئازادی‌و خۆشه‌ویستیی ئاگری، ئاراس، قهندیلو شاهۆ به‌جیهاندا بڵاوبكه‌مه‌وه، چونكا من ئه‌م كچه‌م كه هه‌ڵگری په‌یامی مێژووه لهبیركراوهكهی ژیانم.
كچی ئاراس خۆی گه‌یانده پێته‌ختی دیكتاتۆر، لهجهرگهی پایته‌ختی كۆماری ئیسلامی سێداره تێكۆشانی بۆ خه‌ونی ژیان‌و ئازادی ده‌كرد، له‌و كاته‌دا كه ده‌یخواست هاواری ئازادیی گه‌له چه‌وساوه‌كه‌ی بدات به گوێی هه‌مواندا، ده‌ستی ره‌شی دیكتاتۆری‌و دواكه‌وتویی و دوژمنی ئازادی كچی ئاراسی ته‌وق كرد، پیاوه زاڵمه ئه‌شكه‌نجه‌گه‌ره‌كانی دیكتاتۆر له‌و خه‌یاڵه‌دا بوون، كه ده‌توانن كچی ئاراس له‌خشته ببه‌ن، به‌س نه‌یانزانی ته‌نها ده‌بێت شه‌ش مانگ هه‌موو دام‌و ده‌زگاكه‌یان له‌كاردا بێت تاكو بزانن ناوی كچه‌كه‌ی ئاراس چییه.
كیژۆڵه‌ی ئاراس، نه‌وه‌ی ئاگری‌و په‌روه‌رده‌كراوی قهندیلو نێردراوی دوندی شاهۆ بهخۆڕاگرییهكهی، بهمانگرتنهكهی، بهكۆڵنهدانهكهی دوژمن له‌ئاستی ده‌سته‌وه‌ستان ما، شێوازه كۆن‌و ساویلكانهكهی پێشوویان گرته‌به‌ر و دهستیانكردبووه به‌ڵێندان، شێوازی تاڵ‌و شیرین، شێوازی هه‌ڕه‌شه‌و هاندان، به‌س نه‌یانزانی كیژی خواوه‌ندی ئازادی له‌مێژه له‌داوێنی ئاگریدا فێری ئه‌وه بووه كه دوژمنه‌كانی چه‌ند درۆزن‌و به‌سته‌زمانن، له‌مێژه په‌روه‌رده‌ی ئه‌وه‌ی بینیوه كه هه‌رگیز مل به دوژمنان نادات‌و له‌مێژه‌ی ماڵئاوایی له‌مێژووی سهردانهواندنو خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان كردووه.
كاتێك پیاوه‌كانی سیستمی سێداره‌ی ئیسلامی زانییان سه‌ری هه‌موو شێوازه‌كانیان بۆ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی كچی ئاراس داویه‌تی له‌به‌رد، بڕیاری سێداره‌یان به‌سه‌ردا سه‌پاند. ئه‌و سیستمه زه‌بلاحه، ترسنۆكانه كاژێر نۆ په‌نجا ده‌قه‌ی شه‌وی یه‌كشه‌مه 9/5/2010 بانگیان كرد‌و وتیان وه‌ره ناوی باوكت به‌هه‌ڵه پێگوتوین، ئه‌هریمه‌نه‌كانی ئه‌شكه‌نجه كه پاره بۆ كوشتن‌و ئه‌شكه‌نجه‌ی رۆڵه‌كانی كاروانی خۆر وه‌رده‌گرن نه‌یانوێرا پێی بڵێن بۆ دواجار ماڵئاوایی لههاوژوورهكانو دایك‌و كه‌سوكاره‌كه‌ت بكه، وایان ده‌زانی به‌و كاره‌یان ده‌توانن ده‌نگی كچی ئاراس كپ بكه‌ن، به‌س نا، به‌ره به‌یانی رۆژی نۆی مانگ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵه‌كانی به‌خوێندنه‌وه‌ی سرودی ئه‌ی ره‌قیب ریگای نه‌دا ده‌نگی كپ بكه‌ن، له‌دواین ساته‌كانی ژیانیدا به‌ده‌م ئه‌ی ره‌قیبه‌وه ماڵئاوایی لهئاراس، ئاگری، قهندیلو شاهۆ كرد. له‌گه‌ڵ ماڵئاوایی كردنی له‌ژیان هه‌موو جیهان بانگی ئازادیخوازیی كچه‌كه‌ی ئاراسی بیست‌و به‌سه‌دان هه‌زار رێبواری رێگاكه‌ی له‌ده‌وری خۆی كۆكرده‌وه، بهماڵئاوایكردنی له‌ژیان لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێی شۆڕشی رزگاریی بۆ گه‌له‌كه‌ی تۆمار كرد